|
||||||
ده‌بێ به‌غدا چی پێ بێ بۆ کوردستان؟........ مه‌هاباد کوردی
ئه‌و دۆسیه و پرسه هه‌ڵواسراوانه‌ی که له‌نێوان حکوومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا و حکوومه‌تی کوردستان له هه‌ولێردا وت‌ووێژیان له‌باره‌یه‌وه ده‌کرێت، هه‌ر هه‌موویان مه‌سه‌له‌گه‌لی ئاڵۆز و گرنگ و به‌تایبه‌تیش بۆ کورد چاره‌نووسسازن. بێگومان یه‌ک له پرسه هه‌ره‌گرنگ و چاره‌نووسسازه‌کان بابه‌تی گرێدراوه به که‌رکووک که پێشتر له زۆر نووسینی خۆمدا ئاماژه‌م بۆ کردووه. بێجگه له پرسی که‌رکووک و مادده‌ی 140، هه‌ڵبه‌ت گه‌لێ مه‌سه‌له‌ی تریش هه‌ن که دیاره گشتیان گرنگی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه لای میلله‌تی کورد له خوارووی کوردستاندا. پرسگه‌لی وه‌ک قانوونی نه‌وت و گاز و بودجه‌ی تایبه‌ت به هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی کوردستان و زۆری دیکه‌ش هه‌ن که هێشتا لایه‌نه جیا جیاکان نه‌ک هه‌ر له‌سه‌ری ڕێک نه‌که‌وتوون، به‌ڵکو لایه‌نی وا هه‌ن به هه‌موو هێز و توانایه‌کیانه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن و ده‌شیانه‌وێ چ چاره‌سه‌رێکی ڕه‌وا و گونجاو بۆ ئه‌م کێشانه نه‌دۆزنه‌وه. ئه‌مانه زۆر جار له‌مپه‌ر و ئاسته‌نگی جۆراوجۆریان هێناوه‌ته پێشه‌وه تا پرسه کێشه‌داره‌کان به چ شێوه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر نه‌کرێن. دیاره به هه‌ڵوێستێکی له‌و جۆره‌شیان به پله‌ی یه‌که‌م دوژمنایه‌تی کورد و داخوازییه ڕه‌وا و یاساییه‌کانی ده‌که‌ن. ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کوردمان له باشووری کوردستان چاک چاک ئه‌و تاقم و ده‌سته به‌کرێگیرانه ده‌ناسن و ده‌شزانن کێنده‌رێیان دێشێ. خاڵێک که لێره‌دا سه‌رنجی کورد و زۆر که‌سی ڕاکێشاوه ئه‌وه‌یه که دانیشتن و گفتوگۆ و کۆبوونه‌وه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، سه‌ره‌ڕای زۆرییان، تا ئێستا ئه‌نجامێکی بنه‌ڕه‌تی و به‌رچاو و وه‌ک پێویستیان لێ نه‌که‌وتۆته‌وه. ئێمه هه‌موو جارێک به‌رپرسانی کوردستان و عێراق له به‌غدا ده‌بینین، ده‌شیانبینین که به‌یه‌که‌وه دانیشتوون و پێده‌که‌نن، به‌ڵام دواتر ماوه‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌و کۆبوونه‌وانه ده‌ڕوات به‌بێ ئه‌وه‌ی شتێکی ئه‌وتۆ هاتبێته چاره‌سه‌رکردن که شایه‌نی پێدا هه‌ڵگوتن بێت. وه‌ک ئه‌وه‌ی پرسه‌کان له جێی خۆیاندا بخولێنه‌وه و شانده‌کانیش سه‌رله‌نوێ و جارێکی تر له خاڵی سفره‌وه ده‌ست پێبکه‌ن. هه‌ندێ جار باس له پێشڤه‌چوون ده‌کرێ، که‌چی ڕۆژێک پاشتر بێهیوایی باڵ به‌سه‌ر دانیشتن و وتووێژه‌کان ده‌کێشێت. هه‌رنا قسه و لێدوانه‌کانی لێپرسراوانی کورد و عه‌ره‌ب شتێکی وا ده‌گه‌یه‌نن. له دانیشتنی ئه‌م جاره‌دا به‌گوێره‌ی زۆر سه‌رچاوه و ڕۆژنامه و ماڵپه‌ڕی جیا جیا، چ کوردی و چ عه‌ره‌بی، ئاماژه به‌وه کراوه که جۆرێک له گه‌شبینی له ئارادایه. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش کراوه که وه‌فدی کوردی "پێشنیاری نوێ"ی پێیه و "نه‌رمێتییه‌کی بوێرانه"شی نیشان داوه. خوێنه‌ر له ڕۆژنامه‌یه‌کی وه‌ک "شه‌رقولئه‌وسه‌ت"ی سعوودی و چه‌ندین سایتی کوردی و ناکوردیشدا هه‌واڵێکی وای به‌ر چاو که‌وتووه. پرسیاری زۆر گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئایا "پێشنیاری نوێ" و به‌تایبه‌تیش "نه‌رمێتییه‌کی بوێرانه" تا چ ڕادده‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ خواست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کورددا یه‌کده‌گرنه‌وه؟ یانیش: لایه‌نی به‌رامبه‌ر له‌بری پێشنیاری شاندی کوردستاندا ده‌بێ چی پێ بێت؟ خۆ ئه‌گه‌ر نه‌رمی نواندن و هێنانه پێشه‌وه‌ی پێشنیاری نوێ له دژی هیوا و ئامانج و پرسه چاره‌نووسسازه‌کانی تایبه‌ت به گه‌لی کوردمان بێت له خوارووی وڵات، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه زیانیان له خێریان زۆر زۆر زیاتر ده‌بێت. خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر‌ی به‌شه‌ره‌ف و خۆشی له‌خۆ نه‌دیوی کوردستان، چونکه ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌ی تاڵیان له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تییه‌که‌یاندا هه‌یه، مافی ته‌واوی خۆیه‌تیان هه‌ر هه‌نگاو و کار و جووڵانه‌وه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاتداران له‌و به‌شه‌ی نیشتماندا بخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه. تا ئێستانه‌کینێ کورد له هاموشۆ و سه‌رلێدانی عه‌ره‌به کاربه‌ده‌سته نوێیه‌کانی به‌غدادا، سه‌باره‌ت به پرسه گرنگ و چاره‌نووسسازه‌کان، چ ده‌ستکه‌وتێکی وای نه‌هێناوه‌ته به‌ر که شایه‌نی ئه‌وه بێت ئاماژه‌ی پێ بکرێت. مرۆڤ وا تێده‌گات که ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕاسته‌قینه‌ی تازه‌ی ئه‌م وڵاته، جا چ عه‌ره‌به شیعه‌کان یانیش عه‌ره‌بی سوننه بن، گه‌لێکیان هه‌ر به چاوی سه‌رده‌می حوکمی دڕنده‌ی به‌عس ته‌ماشای دۆزی ڕه‌وای کورد و کوردستان و ماف و داخوازییه دێرێنه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ش ده‌که‌ن. هه‌ر له‌و بواره‌دا جێی خۆیه‌تی وه‌ک دوا پرسیار بڵێین: ده‌بێ به‌غدا چی پێ بێ بۆ کوردستان؟
ستۆکهۆڵم 24ـ6ـ2008 |
||||||
|
.pukraboo.com ڕابوون pukraboo.com |